نەوا-
سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) دەڵێت، دەبێت عەبدوڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكرێن.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا (مەهەپە) لە نوێترین لێدوانیدا ئاشكرایكردوە، دیسان هەمان شت دەڵێمەوە دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش بگەڕێتەوە ماڵەكەی خۆی، ئەحمەدەكانیش بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانیان، و ئۆجەلانیش مافی هیوا بەدەست بهێنێت.
سەبارەت بە واژۆكردنی یاسای چوارچێوە، باخچەلی باسی لەوە كردووە، ئەو واژۆیە خێر و بەرەكەتی پێوەیە و بەهۆیەوە برایەتیی هەزار ساڵەی نێوان گەلان جارێكی دیكە چەسپێنراوە.
لە دەقی یاساكەدا هاتووە: "تورك و كورد، زمان و ناسنامەیان هەرچییەك بێت، هەمووان براوەن. 86 ملیۆن هاووڵاتیمان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست براوەن، لە هەمان كاتیشدا یەكەم هەنگاو بۆ تێكدانی پڕۆژە جیهانییەكان نراوە".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانیش لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، سەرۆكی مەهەپە رایگەیاند، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشم نەكردووە، بەڵام لە ڕێگەی پارێزەرەكانییەوە بە بەردەوامی پەیوەندیمان هەیە و هەواڵی دەپرسم، ئەویش سڵاوی خۆیم پێدەگەیەنێت.
وتیشی، ئێمە پەیوەندییەكی باشمان هەیە، دەشپرسم ئەگەر هەر داواكارییەكی هەبێت، چونكە لە پەرلەمانی توركیا پێكەوە كارمان كردووە.