بارەگای بارزای بڵاویكردەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ستیڤ فەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق كۆبوەتەوەو لەبەشێكی كۆبونەوەكەدا رایگەیاندوە، لەسەر بنەمای دەستورو پرەنسیپەكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عیراق رێكخستۆتەوە، ئەگەر حكومەتەكانی پێشوتری عیراق پابەندی ئەم بنەمایانە بونایە دەستكەوتی زۆر زیاتر بۆ عیراق و هەمو پێكهاتەكان بە گشتی دەهاتنەدی.
بارزانی وتوشیەتی: پشتیوانی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق دەكەن لەچوارچێوەی دەستورو پاراستنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان كە لە دەستوردا هاتون، هەروەها جەختی لەپشتیوانیكردنی پێكهاتەكانی كوردستان لەسەر بنەمای رێزو مافی دەستوری و شەراكەتیان كردوەتەوە.
لەبارەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەوە رایگەیاندوە، بەشێك نەبون لە ئاڵۆزییەكان و بەشێكیش نابن لە ململانێ و كێشەكان، لەگەڵ ئەوەشدا پێیانباشە هەمو لایەك بە گفتوگۆ و دیالۆگ و رێگەی دیپلۆماسی كێشەكانیان چارەسەر بكەن.