كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان رایگەیاندوە: ئەم هەفتەیە سێ سیناریۆ بۆ خەڵكی سلێمانی دروستكراوە، بینەرو خوێنەر دەزانێت كە ئەمە بە مەبەستەوەو بە بەرنامەیەكی زۆر ورد چیرۆكەكان دادەڕێژرێن.
ئاشكراشیكردوە: كۆمەڵێك پەیجی سێبەر هەن كە كارو داهاتیان ئەوەیە ئەو هەواڵەی راست نییە وا لە خوێنەرو بینەر بكەن كە وەك راستی بیبینێت و بیریلێبكاتەوە، ئەویش بەوەی كە كات و شوێن و داڕشتنێكی جوانی بۆ دەكەن كە خوێنەر وەك راستییەك وەریدەگرێت.
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان وتوشیەتی: ئەمە یەكەمجار نییەو كۆتاجاریش نابێت و ئەوەی بەلای خەڵك و سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان گرنگە خەڵك تێبگەیەنن كە مەرج نییە هەر شوێنێك كە شتێكی بڵاوكردەوە ئێوە وەكو راستی باوەڕی پێبكەن و مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، كۆمەڵێك سایت و پەیج هەن مۆڵەتی رەسمیان نییەو سێبەرو بندیوارن خەڵك بە لاڕێدا دەبەن، هەروەها كۆمەڵێك میدیای مۆڵەتداری رەسمییش دەكەونە ناو ئەو گۆماوەی كە میدیا سێبەرەكان دروستی دەكەن و هەڵدەستن بە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانەی كە سەرچاوەكەی رەسمی نییە.