لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان ستیڤ ڤەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبوەوەو تاوتوێی دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عیراق و چەند پرسێكی دیكەیان كرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و هەردوولا جەختیانكردوەتەوە لەسەر پێویستی خێراتركردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
سەبارەت بەحكومەتی فیدڕاڵیش هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕیوە بە تەواوبونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی حكومەت و جەختیانكردوەتەوە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور.
لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیداوە بە گفتوگۆكانی پەیوەندیدار بەپرسی بودجەو بە پێویستیزانیوە لایەنە كوردستانییەكان بە یەكدەنگی و یەكڕیزییەوە لە بەغدا كاربكەن بۆ چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.