دادگای سلێمانی: رێگری نییە بۆ هاووڵاتییانی عێراق لە سلێمانی خاوەندارێتیی خانوو بكەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی سەبارەت بە بڕیارێكی دادگای كارگێڕیی سلێمانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و ئاشكرایكرد، دەستوور و یاساكان گەرەنتی مافی خاوەندارێتیی خانووبەرە بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق دەكەن بەبێ جیاكاری.
هاوكات، بە گوێرەی روونكردنەوەكەی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی كە لە ڕێكەوتی 2026/10/21 دەرچووە، بڕیاری ژمارە (57/ك/2026)ـی دادگای كارگێڕیی سلێمانی كە لە راگەیاندنەكاندا لێكدانەوەی جیاوازی بۆ كراوە، تەنها هەڵوەشاندنەوەی فەرمانێكی كارگێڕییە لە رووی تایبەتمەندێتییەوە و تاوەكو ئێستا پلەی بنەبڕیی وەرنەگرتووە، بەوەش ناكرێت گشتاندن بۆ ئەو حاڵەتە تایبەتە بڕیار لێدراوە بكرێت.
دادگاكە باسی لەوەشكرد، بابەتی خاوەندارێتیی خانووبەرە لە شاری سلێمانی هاوشێوەی شارەكانی تری عێراق لەلایەن دەستوور و یاسای تۆماركردنی خانووبەرەوە رێكخراوە و هیچ بەربەستێكی یاسایی نییە رێگربێت لەوەی هاووڵاتیانی ناوچەكانی تری عێراق ببنە خاوەنی شوقە و خانووبەرە، چونكە بەپێی دەستوور هەمووان لە ماف و ئەركدا یەكسانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group