جەمال كۆچەر: نزیكەی 500 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، 497 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی و 100 هەزار كەسی دیكەش بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێندرێن.
د. جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا راگەیاند، بەگوێرەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراق، 497 هەزار فەرمانبەری گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی.
 هەروەها 100 هەزار كەسی دیكەش بە گرێبەست دادەمەزرێن، لەو ژمارەیەشدا 50 هەزاریان بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەكان دەبێت و 50 هەزارەكەی دیكەش بۆ كەرتی مەدەنی تەرخان دەكرێت.
جەمال كۆچەر سەبارەت بە بەشەبودجە و پشكی هەرێمی كوردستان لەو دامەزراندنانە باسی لەوەكرد، فالح ساری وەزیری دارایی عێراق، بەڵێنی داوە 12.70٪ی ئەو دامەزراندنانە بۆ هەرێمی كوردستان بێت، ئێمەش هیوادارین وەزیری دارایی عێراق لەسەر بەڵێنەكەی خۆی بمێنێتەوە و جێبەجێی بكات.
ئەوەشی خستەڕوو، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هیچ دامەزراندنێكی نوێی هەمیشەیی دیاری نەكراوە و تەنیا بەشێوەی گرێبەست دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group