هەرێم كەمال ئاغا: وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵێنی پێداوین نەوتی سپی بۆ هەرێم دابین بكات

1 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد.
لە نووسراوەكەدا كە بە واژۆی هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاراستە كراوە، ئاماژە بە هاتنی وەرزی زستان و سەرمای تووندی ناوچە شاخاوییەكان دراوە، بڕی نەوتی داواكراویش بە 260 ملیۆن لیتر دیاریكراوە، بە جۆرێك:140 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك، هەروەها،120 ملیۆن لیتریش بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە.
لە پەراوێزی نووسراوەكەدا، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بۆ ئاراستەكردنی داواكارییەكە بۆ وەزارەتی نەوت بە مەبەستی دابینكردنی ئەو پشكە.
هاوكات، هەرێم كەمال ئاغا كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەكانە لە پەرلەمانی عێراقە لە لێدوانێكدا راگەیاندوە، وەزارەتی نەوتی عێراق بەڵێنی پێداوین نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات، ئەم نووسراوەی فراكسیۆنەكەمان كە سەرۆكی پەرلەمانیش واژۆی لەسەر كردووە و ئاراستەی وەزارەتی نەوت دەكرێت، دەبێتە پشتیوانییەكی بەهێز بۆ داواكارییەكەمان.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group