بارزانی: هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، ماوەیەكە لەناوەندەكانی بڕیاری عیراقیدا جموجوڵ و هەڵچونێكی ناسروشتی لەدژی هەرێمی كوردستان بەدیدەكرێت كە خۆی لە هەوڵدان بۆ پێشێلكردنی بنەماكانی فیدراڵییەت و دەستوری عیراق و پشتگوێخستنی مافەكانی گەلی كوردستان و خستنەڕوی بڕیارو بیرۆكەی ناتەندروست و سەركێشانە دەبینێتەوە.
ئاماژەشیكردوە، هەموو لایەك ئەوە باش دەزانن كە گەلی كوردستان خەباتێكی دوورودرێژی لەپێناو دەستەبەركردنی مافەكانیدا هەبوەو لەو رێگەیە كارەساتی گەورەی بەسەردا هێنراوە هەر لە ئەنفال و كیمیابارانەوە بگرە هەتا تێكدانی هەزاران گوندو دەركردنی زۆرەملێ و گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە كوردنشینەكان و دەیان تاوانی گەورەی تر كە لە دژی گەلی كوردستان ئەنجامدراون، بەڵام گەلی كوردستان ئیرادەی خۆی لەدەستنەداو بە خوێن و قوربانیدانی خۆی لەدژی هەموو چەشنە ستەمكارییەك وەستایەوە.
بارزانی لەبەشێكی تری پەیامەكەیدا راشیگەیاندوە، هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی بۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران راگەیاندوە لە چارەسەركردنی كێشەكان و پاڵپشتی بون لە روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بە كردەوە ئەوەیان ئەنجامداوە، ئێستاش كە هەڵمەتێكی چەواشەكارانەو زاڵمانە هەیە لەدژی هەرێم و رۆژانە تۆمەتی ناڕەوا لە دژی هەرێم بڵاودەكرێتەوە، پێیانوایە چارەسەركردنی گرفتەكان بە هەڵمەتی نادروست و تۆمەتی بێ بنەماو بڕیاری تاكلایەنە ناكرێت، چۆن هاوكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بون لە بنبڕكردنی گەندەڵی، ئەوهایش هاوكار دەبن لە رێگریكردن لەكاری نایاسایی و دیاردەی قاچاخچێتی، بەڵام لە رێگەی یاسایی و دەستورییەوە، جەختیشدەكەنەوە هەرێمی كوردستانی عیراق لە دەرئەنجامی خەبات و قوربانیدانی 100 ساڵەی گەلی كوردستان و بەخوێنی سەدان هەزار شەهید هاتۆتەكایەوەو خاوەن مافی رەوای خۆیەتی، هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستوری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ كەس و لایەنێك.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group