ئێران هەناردەكردنی چەند بەروبومێكی سەوزە و میوە بۆ هەرێمی كوردستان رادەگرێت

03/03/2019 نەوا

كۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەكردنی چەند بەروبومێكی سەوزە و میوە بۆ هەرێمی كوردستان رادەگرێت، ئەوەش كاردانەوەی لەسەر بازاڕ دروستكردوە و بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكان پەنا بۆ تەماتەی خواروی عیراق و توركیا دەبرێت.
ماوەی 10 رۆژە بە بڕیاری ئەو وڵاتە، هەناردەكردنی تەماتە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان راگیراوە، لەئێستادا ئەو تەماتەیەی لە بازاڕەكاندا هەیە تەماتەی ناوچەكانی خواروی عیراق و توركیا و وڵاتانی دەرەوەیە، كە پێویستی بازاڕ پڕدەكاتەوە.
لەنێو عەلوەی شاری سلێمانی چەندین بەروبومی جۆراوجۆری سەوزە و میوە دەبینرێن، كە هەموو ئەو جۆرانە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە دەهێنرێن و رۆژانە لە سنورەكانەوە هاوردە دەكرێن.
لەوبارەیەوە سەروەر عەلی سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی "پێشتر و بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانییەوە، تەماتە و سەوزە و میوەكانی تر بە نرخێكی هەرزان دەگەیشتە دەستمان لە سلێمانی، بەجۆرێك نرخی یەك كیلۆگرام تەماتە بە 450 تا 500 دیناری عیراقی بوو، بەڵام ماوەی 10 رۆژە بەهۆی قەدەغەكردنی هەناردەی تەماتەی ئێرانی لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە، نرخی لە عەلوە و بازاڕدا بۆ دوو هێندە بەرزبوەتەوە و كاریگەری لەسەر بازاڕی كاسبكارانی عەلوەكەش دروستكردوە".
ئەو دەڵێت "ئێران پێشتر ناوی چەند كاڵایەكی راگەیاند، كە هەناردەكردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتەكە قەدەغە دەكات، ماوەی 10 رۆژە دەست بەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارە كراوە و تەماتە و پەتاتە هاوردەی هەرێمی كوردستان ناكرێت، ئەوەی ئێستا هەیە تەماتەی خواروی عیراقە و لە بەسڕەوە هاوردە دەكرێت، بەڵام وەرزی ئەو تەماتەیەش بەرەو كۆتایی دەچێت و تا دوای نەورۆز هەیە، دواتر پێویستە لە توركیا و وڵاتانی تر لەنێویشیاندا ئۆكرایناوە بهێنرێت، كە لە بازاڕەكانی توركیاوە هاوردەی دەكەین و پێداویستی بازاڕ پڕدەكەینەوە".
ئەو بەرپرسەی عەلوەی سلێمانی وتیشی "بڕیارەكە كاردانەوەی خۆی هەبووە لەسەر بازاڕ، بەهۆی ئەوەی تەماتە خواردنێكی سەرەكی رۆژانەی هاووڵاتیانە و رۆژانە هەزار تۆن تەماتە لە سنورەكانی ئێرانەوە هاوردە دەكرا و بە كەمتر لە 500 دینار دەگەیشتە دەستمان، بەڵام ئێستا نرخەكەی بە دوو هێندە لە شوێنی ترەوە هاوردە دەكەین".
سەروەر عەلی ئەوەشی وتوە "لە سبەی دووشەممەوە دەست بە جێبەجێكردنی قەدەغەی چەند بەروبومێكی تری سەوزە و میوە دەكرێت لەنێویاندا سێو و پرتەقاڵ هەیە، بڕیارەكە بۆ میوە زۆر كاریگەری نابێت و بڕێكی زۆر سێو لە كۆگاندا هەیە و لە توركیاشەوە پرتەقاڵ بەهەمان نرخ دەگاتە بازاڕی سلێمانی".
بەروبومی سەوزە و میوەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان پێداویستی هاووڵاتیان پڕناكاتەوە، بازرگانانی بوارەكە رۆژانە سەوزە و میوە لە زۆر وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكەن بەتایبەت لە توركیا و ئێرانەوە.
لەوبارەیەشەوە سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی دەڵێت "تەنها لە مانگی رابردودا و لە مەرزی سەیران بەن و لە ئێرانەوە چوار هەزار و 300 باری ئۆتۆمبێلی گەورە سەوزە و میوە هێنراوەتە عەلوەی سلێمانی، جگە لەو بارانەی لە مەرزەكانی ترەوە هاتوە، هەروەها لە توركیاوە مانگانە زیاتر لە چوار هەزار و 500 باری ئۆتۆمبێلی گەورە كە هەر ئۆتۆمبێلێك زیاتر لە 25 تۆن هەڵدەگرێت لە سەوزە و میوە بەتایبەت سێو و پرتەقاڵ و لالەنگی و هەنار و تەماتە هاوردە دەكەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group