موسو ئەو هۆزەی ئافرەتان حوكمڕانیی دەكەن

پێش 4 هەفتە نەوا

هۆزی موسو لە چیاكانی هیمالایا یەكێكە لە دیارترین و دەگمەنترین كۆمەڵگە دایكانەییەكانی جیهان، بوونیان لە بانی تیبێت بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.

رۆڵەكانی هۆزی موسو بەتەنیشت كەنارەكانی دەریاچەی لوگۆوە لە نزیك سنووری هەردوو ویلایەتی یۆنان و زیچوان كۆماری چینی میللی ژیان دەكەن.
هۆزی موسو پەیكەربەندییەكی كۆمەڵایەتیی هەیە كە تیایدا ئافرەتان كۆنتڕۆڵی سەرجەم بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری دەكەن، واتە كاروبارەكانیان هێشتا بەپێی سیستەمی دایكایەتی بەڕێوەدەچێت ئەوەی لە زانستی كۆمەڵناسی بە"ماتریاشی" دەناسرێت، واتە ئەو كۆمەڵگەیەی ئافرەت حوكمڕانیی دەكات.

لەم سیستەمەدا بەپێچەوانەی سیستەمی نێرسالاری، چاوەڕوان دەكرێت ئافرەتان كچیان ببێت بۆ ئەوەی دایكان بەردەوام بن لە رەچەڵەكی هۆزەكە نەوە دوای نەوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا پیاوان تا ئەوپەڕی پەراوێزخراون و هیچ بەرپرسیارێتییەكیان نییە، هیچ مافێكیشیان نییە لە موڵكایەتی و میرات و رەچەڵەكی هۆزەكەش لە رێگەی ئافرەتانەوە بەردەوام دەبێت نەوەك پیاوان.
لە رێساكانی هۆزی موسو ئەوەیە هەموو خێزانێك لە ماڵێكی فراوان و گەورە دەژیین و بەتەمەنترین ئافرەت سەرۆكی خێزانە، منداڵانی تازە لەدایكبووش نازناوی دایكیان وەردەگرن نەوەك باوكیان.

ئەوەی جێ سەرنجە چەمكی هاوسەرگیری لەنێو ئەم كۆمەڵگەیە دانی پیادا نەنراوە، كاتێك پیاوێك دەكەوێتە خۆشەویستی ئافرەتێكەوە شەو سەردانی دەكات لە ماڵەكەی و لە جۆرێك لە جۆرەكانی هاوسەرگیری بەناوی "هاوسەرگیریی سیار" و لە بەرەبەیان ماڵەكەی بەجێ دەهێڵێت.
بەپێی نەریتەكانیش ئەو ئافرەتە بۆی هەیە بەو پیاوە وەكو هاوسەر رازی ببێت و بۆشی هەیە لە ماڵەكەی دەریبكات.
سەرباری ئەوەی هێز لە دەستی ئافرەتانە لەم كۆمەڵگەیە، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی ئافرەتان زۆر بێ بەرپرسیارێتی بن، بەڵكو هێشتا ئەوان كاری ماڵەوە، چێشت لێنان، پاككردنەوە، كاركردن لەنێو كێڵگە دەكەن، سەرباری شتی دیكەش.
ئەوەشی جێی سەرسوڕمانە لە فەرهەنگی ئەم هۆزە وشە و چەمەكانی باوك، مام، زاوا، خەزور نییە.
"موری سارلاشی" كە لە بنەماڵەی موسوە دەڵێت "لە ژیانمان هیچ كێشەیەكی ئەوتۆمان نییە وەكو گەلانی دیكە، وەكو ناكۆكی نێوان بوك و خەسوو، یان ناكۆكی لەسەر میرات، جگە لە جیابوونەوە و شتی دیكەش".
هەروەها ئەوەشی دركاندووە كە كۆمەڵگەكەیان كۆمەڵگەیەكی هێمن و بەرقەرارە و بە هۆی پەیڕەوكردنی سیستەمی دایكایەتی تاڕادەیەكی زۆر تاوانەكانی لە چەشنی توندوتیژی و دزی ودەستدرێژیكردن كەمن.
پیاوێكی ئەو هۆزەش بەناوی "ئاڤا ئارتا" وتویەتی ئافرەتان هێزیان لەدەستدایە و ئەمەش ئازادیی زیاتری پێبەخشیون و ئەوەشی بەكێشە نەزانیوە هۆزەكەیان ئەو سیستەمە پەیڕەو دەكات.

سەرباری ئەوەی موسو گەلێكی جیاوازە لە رووی كولتوور و بۆماوەیی، بەڵام حكوومەتی چین لەنێو ئەو 56 كۆمەڵە رەچەڵەكییە دانانێت كە بەرەسمی دانی پێداناون.
هۆزی موسو نزیكەی 25 هەزار كەس دەبن و بەشێكن لە گەلی "ناشی" كە ژمارەیان نزیك بە 400 هەزار كەس دەبێت، بەڵام گەلی ناشی بۆق بە پیرۆز دەزانن لەكاتێك موسوییەكان باوەڕییان بە بیروباوەڕەكانی بودای تیبێتی هەیە.
گەلی موسو لە ناوچەیەكی جوگرافیایی تەواو دابڕاون لە جیهانی دەرەكی، بە هۆی سەرنجڕاكێشی ناوچەكەیانەوە گەشتیاران بەزۆری سەردانی ناوچەكە دەكەن.  


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group