محەمەد تۆفیق رەحیم: نیگەرانم لەگۆڕان ‌و ناگەڕێمەوە

21/08/2019

نەوا
محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی پێشوی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشكرایدەكات، بەهۆی شێوازی یەكلاكردنەوەی پرسی كاندیدی جێگری سەرۆكی هەرێم، نیگەرانە لە بزوتنەوەكەیان و ناگەڕێتەوە بۆ خانەی راپەڕاندنیش.
بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 18ی ئابی 2019، ناوی مستەفا سەید قادر وەك جێگری یەكەمی سەرۆكی هەرێم نارد بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و چاوەڕوان دەكرێت سەرەتای هەفتەی ئایندە مەرسومی بۆ دەربكرێت. 
لەوبارەیەشەوە محەمەد تۆفیق رەحیم بۆ رۆژنامەی هاووڵاتی وتویەتی "بەڵێ پرسی جێگری سەرۆكی هەرێم كە بەو شێوەیە یەكلاكرایەوە، نیگەرانی كردوم، چونكە نەدەبوایە بەو شێوەیە بوایە و بۆچی ئەو دادەنرێت و من دانانرێم؟".
محەمەد تۆفیق رەحیم، كە لەئێستادا لە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كشاوەتەوە، جەختدەكاتەوە لەوەی ناگەڕێتەوە بۆ خانەی راپەراندن.
دەربارەی ئەوەی لەسەر دانانی مستەفا سەید قادر پەیوەندییان پێوە كردوە وەك كەسێك كە خۆی كاندید كردوە، محەمەد تۆفیق رەحیم دەڵێت "پەیوەندییان پێوە نەكردوم و كاك عومەری سەید عەلی خۆی دیاری كردوە".
لەوبارەیەشەوە چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رۆژنامەكە رایگەیاندوە، یەكلاییكردنەوەی وەزیرەكان و جێگری یەكەمی سەرۆكی هەرێم لەلایەن رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group