بەرپرسێكی پارتی لە كەركوك داوای یەكدەنگی كورد دەكات لە شارەكە

11/09/2019
دیاری حوسێن جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان


نەوا-كاروان مەحمود 
جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای یەك لیستی و یەكدەنگی كورد دەكات لە كەركوك و ئەوەش دەڵێت: "تائێستا بڕیاری لەبارەی بایكۆتكردنی هەڵبژاردن نەدراوەو دەكرێت لە داهاتوو گفتوگۆی لەسەر بكرێت".
دیاری حوسێن جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئاگادار نیم لە كۆبوونەوەكانی یەكێتی پارتی چ بڕیارێك دراوە بۆ یەك لیستی لە هەڵبژاردنەكان، بەڵام زۆر گرنگە سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان یەكدەنگ و یەك لیست بن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كەركوك تاوەكو روبەڕووی ئەو مەترسییە ببنەوە كە لەئێستادا لەسەر پارێزگاكە هەیە.
راشیگەیاند، ئەوەی زانراوە لە ئێستادا هەوڵهەیە بۆگێڕانەوەی كەسوكاری داعشەكان لە موسڵ و ناوچەكانی دیكە، هەروەها ژمارەیەكی زۆری ئەو خێزانانەی پێشتر لە چوارچێوەی ماددەی 140 قەرەبوویان وەرگرتبوو بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنەكانی خۆیان لە ئێستادا هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدرێت بۆ كەركوك.
وتیشی: "پێویستە بەجدی لایەنە كوردستانییەكان ئاگاداربن لەوەی مەترسی لەسەر كەركوك هەیە و بۆ ئەوەش دەبێت یەكدەنگبن، نیگەرانی خۆشی ئاشكراكرد بەوەی پێشتر لەكاتی دەنگدان بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تەنها فراكسیۆنی پارتی و چوار پەرلەمانتاری یەكێتی بایكۆتی دەنگدانەكەیان كردووە لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەگەر فراكسیۆنە كوردستانییەكان یەكدەنگ بوونایە یاساكە بەوجۆرە تێنەدەپەڕی و هەڵبژاردن لە كەركوك تاوەكو وادەی ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە ئەنجام نەدەدرا".
سەبارەت بەوەی لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی تانەكانی پارتی و لایەنەكانی دیكە لەبارەی چەند بڕگەیەكی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك و موسڵ و بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، دیاری حوسێن جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، "ئەوە پرسێكە دەكرێت لە داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت و گفتوگۆی زیاتری لەسەر بكرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە لای ئێمە كورد یەكدەنگ بێت، ئەوتانانەی دراوە لەیاساكەش بەهۆی چەند تێبینییەكی یاساییەو مەبەست لەوە نییە لەو هەڵبژاردنە بترسین نەخێر ئێمە لەوە دەترسین دۆخی كەركوك ئێستا ئاسایی نییە، ئەگەر مادەی 140 بۆ كەركوك هەیە داوای جێبەجێكردنی دەكەین، ئەگەر مادەی 140یش جێبەجێ ناكرێت پێویستە هەمووان ئاگاداری ئەو باردۆخ و پیلانانەبن كە لەدژی كورد لە كەركوك دەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group