جەنەڕاڵ جۆزیف: دۆناڵد ترامپ پشتیكردووەتە هاوپەیمانێكی لەمێژینە كە 11 هەزار قوربانیداوە

10/10/2019 جیهان
نەوا
فەرماندەی پێشوی لەشكری ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: "سەرۆك دۆناڵد ترامپ دووچاری رەخنەیەكی یەكجار زۆری ئەفسەرە دێرینەكانی لەشكری ئەمەریكا بووەتەوە، لەبەر بەجێهێشتنی هاوپەیمانە كوردەكان لە گۆڕەپانی شەڕ".
جەنەڕاڵ جۆزیف ڤوتێل فەرماندەی پێشوی لەشكری ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، دۆناڵد ترامپ پشتیكردووەتە هاوپەیمانێكی لەمێژینە كە هێزی سەرەكی ناو هێزەكانی سوریای دیموكراتە و پابەندی بەڵێنەكانیان بوون لە هەڵمەتێكی پێنچ ساڵیدا بۆ لەناوبردنی داعش.
ڤوتێل كە ئەمساڵ خانەنشینبوو لە ئەتلانتیك نووسیویەتی، "ئەم سیاسەتی كشانەوەیە هەڕەشەیەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاخود بە فیڕۆدانی ماوەی پێنچ ساڵی شەڕكردن دژی داعش و هەروەها بە توندی زیان دەگەینێت بە باوەڕ و متمانەپێكردنی ئەمەریكایی لە هەر شەڕێكی ئایندە لەو شوێنانەی كە پێویستمان بە هاوپەیمانانی بەهێز بێت".
وتیشی: "هێزی سوریای دیموكرات بە دەیان هەزار میل چوارگۆشە خاك و ملیۆنان كەسی لە چنگی داعش رزگاركردووە و لەو پێناوەدا 11 هەزار قوربانی داوە لە كاتێكدا ئەمەریكا تەنیا 6 سەرباز و 2 كەسی سیڤیلی لەو شەڕدا كوژراوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group