گۆڕان هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریی لە حكومەت و پرسی چاكسازی دەكات

09/11/2019

نەوا
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریكردنی لە حكومەتی هەرێم و پرسی چاكسازی دەكات، ئامادەسازییەكانیش بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەكە دەكات.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپێكرد، لەبارەی ناوەڕۆك و تەوەرەكانی كۆبونەوەكەشەوە عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتەكە بە میدیای فەرمیی بزوتنەوەكەی راگەیاندوە "كۆبونەوەكە تایبەتە بە چەند تەوەرێك، گرنگترینیان تاووتوێكردنی دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و دۆخی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانە، بەشێوەیەك گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی بارودۆخی ئێستای عیراق و خۆپیشاندانەكان و داخوازیی خۆپیشاندەران و پێگەی هەرێم لە بودجەی گشتی عیراقدا، تایبەت بە دۆخی هەرێمی كوردستانیش پڕۆسەی چاكسازی و بەشداریی گۆڕان لە حكومەت و هەڵسەنگاندن بۆ بەشداریكردنەكە دەكرێت".
عەدنان عوسمان وتیشی "تایبەت بە دۆخی ناوخۆی گۆڕان و خۆرێكخستنەوە، لە كۆبونەوەكەدا ئامادەسازییەكان بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزاكان دەخرێنەڕو، لەگەڵ رێكخستنەوەی ژورەكان و دانانی رێكخەر بۆ هەندێك ژور و دروستكردنی ژوری نوێ".
ئاشكراشیكرد، لە كۆبونەوەكەدا راسپاردە و بڕیار لەبارەی سەرجەم تەوەرەكانەوە دەدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group