نه‌وا
وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كردن له باوكی ئه‌و كچه 8 ساڵانه‌ی كه گوایه ده‌ستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر كچه‌كه‌ی رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌م بابه‌ته ره‌تده‌كه‌ینه‌وه كه ئێمه هه‌ڕه‌شه‌مان له هیچ كه‌سێك كردبێت، ئه‌و په‌ڕاوه‌شمان كۆتایی پێهێناوه".
هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر له په‌یجی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت: "دوابه‌دوای چه‌ند وته‌یه‌كی باوكی كچێكی 8 ساڵان كه گوایه ده‌ستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر كچه‌كه‌ی، وه له چه‌ند ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی بۆ ئه‌نجامدرا، كه تیایدا باسی له‌وه كردووه، كه‌وا پۆلیس هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كردووه بۆ ته‌نازولكردن له داوا یاساییه‌كه‌ی، به‌ڵام ئێمه وه‌ك پۆلیسی هه‌ولێر، لێره‌وه سه‌رله‌به‌ری ئه‌م بابه‌ته ره‌تده‌كه‌ینه‌وه كه ئێمه هه‌ڕه‌شه‌مان له هیچ كه‌سێك كردبێت بۆ ته‌نازولكردن له داوا یاساییه‌كه‌ی، ئه‌و په‌ڕاوه‌شمان كۆتایی پێهێناوه‌و ره‌وانه‌ی دادگامان كردووه.
وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "له ده‌رئه‌نجامی ئه‌م داوا یاساییه 3 كه‌سمان ده‌ستگیركردووه و رووبه‌ڕوووی یاسامان كردوونه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ش سات به ساتی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆیی مافی مرۆڤمان لێ ئاگادار كردۆته‌وه‌و له نزیكه‌وه زانیاریی ته‌واویان له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه هه‌یه".
جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ر پۆلیس یان ئه‌فسه‌رێكیش، هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌نازولكردنی له هه‌ر داوایه‌كی یاسایی له هه‌ر دادخوازێك بكات، ئه‌وا مافی خۆیه‌تی داوای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و پۆلیسه یان ئه‌و ئه‌فسه‌ره تۆمار بكات، به‌ڵام به به‌ڵگه‌وه بێت، چونكه پۆلیس چۆن جێبه‌جێكاری یاسایه وه له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و یاسایه به‌سه‌ریدا بێ جیاوازی جێبه‌جێ ده‌كرێت.