سلێمانی: لە مانگێكدا 143 تۆن كاڵاوشمەك و خواردەمەنی خرپ لەناوبراوە

پێش 1 هەفتە

نەوا-
لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماری‌ مانگی 4ـی كاروچالاكیەكانی خۆی بڵاوكردەوە. 
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت ئاماری‌ مانگی نیسانی كاروچالاكیەكانی خۆی بڵاوكردەوەو لەو مانگەدا دەستیان بەسەر زیاتر لە 143 تۆن كاڵاوشمەك و خواردەمەنی جۆراوجۆردا گرتوە‌، ‌لە 1 بۆ 30-4 لیژنەكان شەش هەزار و 760 سەردانیان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان ئەنجامداوە و تیایدا پشكنینیان بۆ ئەو كاڵاوشمەك و خواردەمەنیانە كردوە‌ رۆژانە لەلایەن هاوڵاتییانەوە بەكاردەهێنرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بەهۆی پابەندنەبون بە مەرج و رێنماییەكانی كاركردنەوە لە مانگی رابردودا لیژنە هاوبەشەكان 486 پسوڵەی سەرپێچییان تۆماركردوە، 192 شوێن ئاگاداركراونەتەوە سەرپێچی لەمەرج و رێنماییەكانی كاركردن نەكەن، بەپێچەوانەوە شوێنەكەو خاوەنەكەی روبەڕوی رێكارە یاساییەكان دەكرێنەوە، هەروەها بەهۆی دوبارەكردنەوەی سەرپێچی و پابەندنەبون بەمەرجەكان تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەكانی كاركردن 18 شوێن داخراون.
باس لەوەشكراوە، لەمانگی رابردودا و بەهۆی خراپی و نەشیاوی بۆ خواردن و بەكارهێنان، لیژنەكان دەستیان بەسەر 143 تۆن كاڵاوشمەكی جۆراوجۆر و خۆراكی ماوەبەسەرچودا گرتوەو لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە لە ‌ناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناوبراوە، هەروەها كۆی گشتی پارەی غەرامەكراو لە مانگی رابردودا بریتییە لە 41‌ ملیۆن و 785 هەزار دینار كە بەپێی یاسا دەخرێتەوە سەر داهاتی گشتی.
رونیشكراوەتەوە، بە پێی رێنماییەكان هەرشوێنێك پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركردن نەبێت، سەرەتا لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە ئاگادار دەكرێتەوەو لەكاتی دوبارە كردنەوەی سەرپێچیەكەیدا بەبڕێك پارە سزا دەدرێت پاشان شوێنەكە دادەخرێت، بەهۆی بەردەوامبونی لەسەر ئەنجامدانی سەرپێچی شوێنەكە روبەڕوی دادگا دەكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group