ئێران تێپەڕاندنی لوتكەی كۆرۆنا و سەركەوتنی بەسەر ڤایرۆسەكە رادەگەیەنێت

16/03/2020 نەوا

نەوا
سەرۆك كۆماری ئێران باسی لەوەكردووە، لوتكە و ترۆپكی تووشبوون بە كۆرۆنایان تێپەڕاندووە سەركەوتوو بوون لە رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەكە.
رۆژی دووشەممە 16ی ئادار لە كۆبوونەوەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران لەزاری سەعید نەمەكی وەزیری تەندروستی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند، خاڵی لوتكە و ترۆپكی تووشبوون بە كۆرۆنایان تێپەڕاندووە و لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكەدا سەركەوتوو بوون.
وتیشی، وەزیری تەندروستی هەركات بە پێویستی زانی لەو بارەوە رونكردنەوەی زیاتر پێشكەش بە هاولاتیان دەكات.
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر عەلی عەسكەری سەرۆكی دامەزراوەی راگەیاندنی حكومی باسی لەوەكردبوو، وەزیری تەندروستی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاندووە، 8ی نیسانی ئەمساڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەگاتە لوتكە و دوای ئەوە رێكەوتە ژمارەی توشبوان و گیان لە دەستدانەكان روو لە كەمبوونەوە دەكات.
بڵاوكردنەوەی ئەو بانگەشەیە تەنها سێ رۆژ دوای ئەوە دێت كە رەزا مەلەك زادە جێگری وەزیری تەندروستی ئێران ئاماژەی بەوەكردبوو، كاتێك لەو ڤایرۆسە رزگاریان دەبێتن كە لە نێوان 55% بۆ 70%ی هاوڵاتیان تووشبوبن.
لە ئێستادا لە ئێران نزیكەی 15 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 850 كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی پێنج هەزار كەسیش چاكبوونەوە.
پێشتر وڵاتی چین، دوای كەرەنتینەكردنی ئەو شارانەی ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەبوون، تێپەڕبوونی لە لوتكە و ترۆپكی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا راگەیاندبوو.
هەرچی وڵاتانی ئەوروپین، كە لە ئێستادا بە چەقی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە جیهان دادەنرێن، رایانگەیاندووە مەودایەكی زۆریان ماوە تاگەیشتن بە ترۆپكی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
 ئانگێلا مێركل راوێژكاری ئەڵمانیا بە دوری نازانێت 60% بۆ 70% ی دانیشتوانی وڵاتەكەی تووشی كۆرۆنا بن و رۆژی یەكشەممەش ئیتالیا بە راگەیاندنی مردنی 368 كەس لە تووشبوانی كۆرۆنا مەرگەساتبارترین رۆژی قەیرانی كۆرۆنای تۆمار كرد.
لە ئێستادا لەسەرتاسەری جیهان نزیكەی 175 هەزار كەس تووشی كۆرۆنابوون و لەو ژمارەیە نزیكەی 77 هەزار كەس چاكبوونەوە و زیاتر لە شەش هەزار و 600 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group