لەسەر هاوردەكردنەوەی عەرەب مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی هۆشداری دەدات

02/08/2020

نەوا

لە بەرامبەر هێنانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ سنورەكانی كەركوك و خورماتوو، مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی هۆشداری دەدات و هەنگاوەكە بە داگیركاری وەسفدەكات، داواش لە سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی عیراق دەكات پرسەكە چارەسەر بكەن.
لە راگەیەندراوێكدا مەڵبەندی دووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، "بە داخەوە لە كاتێكدا هاونیشتمانییانی كەركوك و دوزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێكردنی بۆنەكانی جەژنی قوربانن، لەم كاتەدا و بەدەر لە رێوشوێنە دەستوری و یاساییەكان بەشێك لە عەرەبە هاوردەكان، كە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە كەركوك و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبكردن هێنرابونە كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری، ئەمڕۆ جارێكی تر و بە مەبەستی بە عەرەب كردنەوەی ناوچەكانی حەفتەغار و مەهاوش و كولیتەپەی سەر بە شارۆچكەی داقوق، بەهێزێكی زۆرەوە هاتوونەتەوە سنورەكە و دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەویوزاری كوردی رەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتەجێ بكرێنەوە!"
رونیشكراوەتەوە: "لەم رووەوە داوا لە سەرۆك كۆمار و سەرەك وەزیران و وەزیری ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە دەكەین، كە بەپەلە رێگە لەم دەستدرێژی و داگیركارییە بگرن و رێگە نەدەن ئاشتی كۆمەڵایەتیی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێكهاتە رەسەنەكانی كەركوك تێكبدرێ. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوكەوتە داگیركارییە رەتدەكەینەوە و بە سەرەتایەكی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێكترازانی نێوان پێكهاتەكان، بە تایبەتیش نێوان كورد و عەرەب، لەو رووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكەین بەپەلە رێوشوێنە دەستورییەكان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیركارییە بگرن و لایەنگیری نەكەن!"
مەڵبەندی كەركوركی یەكێتی دەشڵێت "لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە، كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری كورد ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو رێو شوێنێك دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێكی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك و پەرلەمانتارەكان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەندییان بە بەڕێز سەرۆك كۆمار و وەزیری ناوخۆ و لایەنەكانی ترەوە كردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم كێشەیە بكەن و هەر رێوشوێنێك پێویست بوو بگرینەبەر‌ بە مەبەستی كۆتایی هێێنان بەم كێشەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group