له‌باره‌ی شوێنی هەڵدانی موشەكەكانی سەر هەولێر و ده‌ستگیركردنی ئه‌نجامدرانی زانیاری نوێ ده‌خرێته‌ڕوو

01/10/2020

نه‌وا 

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو هێرشە موشەكیەی شەوی چوارشەممە كرایە سەر هەولێر، ئامرلیوای بەرپرسی ئەو ناوچەیەی هێرشەكەی لێوەكراوە دەستگیركراوه‌، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

 لە راگەیەندراوێكدا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق بڵاویكردۆته‌وه‌،"شەوی چوارشەممە گروپێكی تیرۆرستی لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلێكی جۆری كیاوە كە سەكۆیەكی هەڵدانی كاتیۆشای لەسەربوە، بە چەند موشەكێك هەولێر یان كردوەتە ئامانج".
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، موشەكەكان لە باكوری ڕۆژئاوای هەولێر لەنزیك چەند گوندێك كەوتونەتە خوارەوە، دوو موشەكیان لە نزیك كامپی ئاوارەكانی حەسەن شام كەوتونەتە خوارەوە.
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، هێرشەكە لە دۆڵی (ترجلە)وە ئەنجامدراوە لە شارۆچکەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، ئەو ئۆتۆمبێلەی كە موشەكەكانی لێوە ئاڕاستەكراوە بەتەواوی سوتاوە.
له‌ كۆتایشدا هاتووه‌، بەرپرسی ئەو ناوچەیەی كە موشەكەكانی لێوە ئاڕاستەی هەولێر کراوە كە ئامر لیوایەكە دەستگیرکراوە.
هاوكات تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوه‌، "ئەوانەی دەستیان لە بەئامانج گرتنی نێردە دیپلۆماسییەكان و هێرشە مووشەكییەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێردرا هەبوو دەستگیركران، بەپێی زانیارییەكانیش لەئێستادا لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".
وتیشی: "ناتوانیین وردەكاریی زیاتر لەبارەی ئەوانەوە بدەین كە دەستیگریان كردوون، بەڵام لەدوای لێكۆڵینەوەكان ئەو لایەنەش ڕادەگەیەنرێت، كە لە پشت ئەو هێرشانەوەیە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group