نێچیرڤان بارزانی: كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە تەباییە

05/03/2021
نەوا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، ئێستا كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزیی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی هەیه و دەڵێت، لە بەرەیەكی یەكگرتوو هاوشێوەی راپەڕین دەتوانین رووبەڕووی سەختی و تەحەدییەكان ببینەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ ساڵیادی راپەڕین رایدەگەیێنێت: ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی ئەو رۆژە پیرۆزانە و قارەمانەكانی دەكەینەوە، كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزیی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی هەیە تاكو بتوانێت پەیام و ئامانجە پیرۆزەكانی راپەڕین و بەرهەمی خوێنی شەهیدان بپارێزێت و بەرەو ئایندەیەكی باشتر هەنگاو بنێت.
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە بەرەی یەكگرتووی كاتی راپەڕین دەكات كە بووە هۆی "سەركەوتنی راپەڕین" و دەڵێت: "ئێستاش بە هەمان شێوە هەموومان پێكەوە دەتوانین رووبەڕووی سەختی و تەحەدییەكان ببینەوە و مافە دەستوورییەكانمان بەدەست بهێنین و بپارێزین".
 
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەكەیدا داوا لە هەموو هێز و لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان دەكات، یادی راپەڕین بكەنه هەوێنی تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزی و نەهێشتنی كێشە و ناكۆكییەكان تاوەكو "گیانی كاروانی شەهیدانی كوردستان شاد بكەین و هەموومان پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی باشتر هەنگاو بنێین".
 
دەقی پەیامەكە
 
لە یادی سی ساڵەی راپەڕینی ئازاری گەلی كوردستاندا، دروود بۆ شەهیدانی ئازادیی كوردستان، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پیرۆزیاندا دادەنوێنین، بە حورمەت و شكۆوە یادیان دەكەینەوه.
 
سڵاو لە گەلی خۆڕاگری كوردستان كە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە وەك ئەمڕۆ بەرلە سی ساڵ لە ڕانیەی خۆشەویستی دەروازەی ڕاپەڕینەوە، لە خرۆشانێكی جەماوەریی گەورەدا بەرامبەر بە ستەم و دكتاتۆری ڕاپەڕین و لەگەڵ پێشمەر‌گە قارەمانەكانی كوردستان، یەك بە یەك گوند و شارۆچكە و شارەكانی نیشتمانیان ئازاد كرد.
 
ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی ئەو ڕۆژە پیرۆزانە و قارەمانەكانی دەكەینەوە، كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزیی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی هەیە تاكو بتوانێت پەیام و ئامانجە پیرۆزەكانی ڕاپەڕین و بەرهەمی خوێنی شەهیدان بپارێزێت و بەرەو ئایندەیەكی باشتر هەنگاو بنێت.
 
وەك چۆن لە ڕاپەڕیندا تەواوی كوردستانییان بە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان و هەموو ئاراستە و هێز و لایەنە سیاسییە جیاكانەوە، لە بەرەیەكی یەكگرتوودا پێكەوە ڕاپەڕین و سەركەوتین، ئێستاش بە هەمان شێوە هەموومان پێكەوە دەتوانین ڕووبەڕووی سەختی و تەحەدییەكان ببینەوە و مافە دەستوورییەكانمان بەدەست بهێنین و بپارێزین.
 
لەم یادە پیرۆزەدا داوا لە هەموو هێز و لایەن و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم، یادی ڕاپەڕین بكەینه هەوێنی تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزی و نەهێشتنی كێشە و ناكۆكییەكان تا گیانی كاروانی شەهیدانی كوردستان شاد بكەین و هەموومان پێكەوە بەرەو داهاتوویەكی باشتر هەنگاو بنێین، پێكەوە بۆ كوردستانێكی ئارام، ئاوەدان و سەقامگیر تێبكۆشین كە بۆ هەمیشە بە لانكەی ئازادی، لێبوردەیی، پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن بمێنێتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
 
5ی ئازاری 2021

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group