فازڵ نەبی: باج بەسەر موچەدا ناسەپێندرێت و بەم نزیكانە پشكی هەرێمیش دەنێردرێت

17/04/2021

نەوا-
فازڵ نەبی بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق ئاشكرای دەكات: حكومەت ناتوانێ باج بخاتە سەر موچە، بۆیە هەفتەی داهاتو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت و پشكی هەرێمیش رەوانە دەكرێت.
فازڵ نەبی رایگەیاندوە: وەزیری دارایی عێراق نوسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردوە كە باج لەسەر موچەی فەرمانبەران دابنرێت، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و هیچ سەنەدێكی یاسایی نییە بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكاریەیان رەتكردوەتەوە.
باسی لەوەشكردوە: ئەگەر حكومەت جێبەجێی بكات كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر موچە نەكراوە، پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كردوە و ئەوان باسیان لەوە كردوە، ئەم هەفتەیە وەزارەت لە پێداچونەوە بە یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و هەفتەی داهاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت، لەگەڵ خەرجكردنی بودجە لە هەفتەی داهاتودا پشكی هەرێمیش خەرج دەكرێت
ئەو بەرپرسەی پێشو دەشڵێت، گرنگە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا هەبێت بۆ ناردنی پشكی هەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنەیە هەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی هەرێم دوابكەوێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group