سەرۆك كۆمار باس لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات

19/10/2021 عێراق

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هەنگاوێكی گرنگە بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و دامەزراندنی حكومەتێكی كارای كاریگەر.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغدا، كارنامەی ھەر یەك لە مارتن یاغر، باڵیۆزی ئەڵمانیا و پیتەر شتیپانیك، باڵیۆزی چیكی وەرگرت و جەختیكردەوە، " ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هەنگاوێكی گرنگە بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و دامەزراندنی حكومەتێكی كارای كاریگەر كە بتوانێت داواكارییە رەواكانی خەڵك بۆ ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەران دابین بكات".

وتیشی: عێراق بەگرنگییەوە دەروانێتە پەیوەندییە هاوسەنگەكانی لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای هاریكاری هاوبەشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بۆ روبەڕوبونەوەی ئاستەنگەكانی تیرۆر و ریشەكێشكردنی گەندەڵی و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوھەوا و پاراستنی ژینگە،  و گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان لە روی ئابوری و بازرگانی و پشتیوانی لە دەرفەتی وەبەرھێنان بە ئاڕاستەی بەھێزكردنی دوبارە بونیادنانەوە و گەشەپێدانی عێراق، بەگرنگ وەسفكرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group