دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر ناردنی 200 ملیار دینارەكەی هەرێم كۆدەبێتەوە

11/05/2022

نەوا-
دوای ئەوەی لەلایەن پارێزەرێكەوە سكاڵا لەسەر ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان تۆمار كرا، دادگای فیدراڵی لەسەر ئەو سكاڵایە كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەكانی هەواڵی عیراقی بڵاویان كردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای فیدراڵی لەبارەی ناردنی 200 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.
رونیشكراوەتەوە، كۆبوونەوەكە لەسەر سكاڵای پارێزەرێك بووە بەناوی "جەواد كازم عەلوان" كە پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بووە.
بەپێی زانیاریەكان، ئەو پارێزەرە سكاڵای لەسەر هەریەكە لە "مستەفا كازمی" سەرۆك وەزیران و "عەلی عەلاوی" وەزیری دارایی تۆماركردووە و داوایكردووە، دادگای فیدراڵی یەكلایی بكاتەوە كە ئایا، ناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم دەستوورییە یاخود نا.
پێشتریش سكاڵا لەسەر نادەستوریی هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار كرا و دادگاكە بڕیاریدا لەسەر ئەوەی كە، هەرناردەكردنی نەوت و غازی هەرێم نادەستورییە و پێویستە هەرێم سەرجەم مەلەفی نەوت رادەستی وەزارەتی نەوتی عیراق بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group