پۆلیسی سلێمانی 5 كەسی بەتۆمەتی رفاندن و برینداركردنی كەسێك دەستگیر كرد

28/05/2022

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، 5 تۆمەتباریان دەستگیر كردووە كە هاوڵاتییەكیان رفاندووە و برینداریان كردووە.
پۆلیسی سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای ئەوەی هاوڵاتیەك سكاڵای لەبەشی پۆلیسی شارەزوور تۆمار كرد كە لە لایەن چەند كەسێكەوە رفێندراوەو ئازاردراوە و بریندار كراوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەزوور لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد.
ئەوەش هاتووە، توانرا لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێردا سەرجەم تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو دەستگیر بكرێن، بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە هۆكاری رفاندنی سكاڵاكار بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە سكاڵاكار پاسەوانی باخچەیەكە و یەكێك لە تۆمەتباران درەنگانێكی شەو ویستویەتی بچێتە ناو باخچەكەوە پاسەوانەكە رێگەی نەداوە، دواتر تۆمەتبار لەگەڵ چوار تۆمەتباری تر هەڵیانكوتاوەتە سەر سكاڵاكار و رفاندویانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group