پارتی: كەس داوای نەكردووە پارە بۆ دانەوەی پاشەكەوتی موچە دابین بكرێت

10/06/2023

نەوا - 
ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت، ئەوەی هەیە موزایەدەیە و كەس داوای نەكردووە بڕە پارەیەك بۆ دانەوەی پاشەكەوتی موچە دابین بكرێت.
ڤیان سەبری بە میدیای حزبەكەی وتووە، وەكو پارتی بە هەموو جۆرێك لەگەڵ ئەوەن پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران بدرێتەوە، چونكە مافی فەرمانبەرانی هەرێمە و پێویستە حكومەتی عیراق پارەی بۆ تەرخان بكات.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەموو ئەوانەی موزایەدە لەو بارەیەوە دەكەن تەنیا یاری بە هەست و سۆزی خەڵك دەكەن، كەسیان داوای ئەوەیان نەكردووە كە دەبێت بڕە پارە تەرخان بكرێت بۆ ئەو مەبەستە.
دوای ئەوەی ژمارەیەك پەرلەمانتار گۆڕانكارییان لە چەند بڕگەیەكی پرۆژە یاسای بودجە كرد بەتایبەتی سەبارەت بە پشكی هەرێم و بەپێی گۆڕانكارییەكان پێویستە حكومەتی هەرێم مانگانە 10%ی پاشەكەوتی موچە بداتەوە فەرمانبەران و خەرجكردنی داهاتی نەوتی هەرێمیش لەدەست سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عیراق بێت، بەڵام بەهۆی زۆری ناڕەزایەتییەكانی پارتی گۆڕانكارییەكان لابران و ئەوەش خەڵكێكی زۆری نیگەران كرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group