نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە نیویۆرك لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبۆوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆبونەوەیەكدا سودانی و ئەردۆغان پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵاتیان تاوتوێكردوە، هەروەها پێداچونەوەیان بە ئەنجامی كۆبونەوەكانی ئەو لیژنانە كردوە كە بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاداشتە لێكتێگەیشتنانە پێكهێنران كە لە سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ بەغدا لە مانگی نیسانی ساڵی رابردودا ئەنجامدران.
هەروەها سودانی گرنگی كاری هاوبەش و هەماهەنگی كردن لەسەر پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عیراق و بەدواداچونی بۆ دەرئەنجامەكانی رێككەوتننامەو یاداشتنامەكانی لێكتێگەیشتنی هاوبەش رونكردۆتەوەو ئاماژەی بە سفركردنەوەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان و چارەسەركردنی دۆخی سنورە هاوبەشەكان.
سودانی جەختیشیكردۆتەوە، رێگە نادرێت خاكی عیراق وەك سەكۆیەك بۆ دەستدرێژی و هەڕەشەكردن بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكار بهێنرێت.