نەوا-
قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تیمەكانی فریا گوزاری خێرا ئامادەكارییەكانیان بۆ وەرزی بارانبارین تەواوكردوە و ئەو كێشانەی ساڵانی پێشتر هەبون چارەسەر كراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی قائیمقامییەتی سلێمانی، ئەمڕۆ ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی فریاگوزاری خێرا و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی كۆبوەوە دەربارەی خۆئامادەكردن بۆ وەرزی بارانبارین و دورخستنەوەی هەر مەترسییەك كەبەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە دروست دەبێت.
لە كۆبونەوەكەدا جەختكرایەوە كە بەهۆی ئەوەی زۆربەی بارانەكان بەخوڕن لەماوەیەكی كەمدا، مەترسی دروستبونی لافاوی هەیە، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوەوە ئامادەكارییەكان دەستیان پێكردوە و هەمو دەرچە سەرەكییەكانی ئاوەڕۆكان و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆی گەڕەكەكان پاككراونەتەوە، ئەو كێشانەی كە ساڵانی پێشتر هەبون، ئەمساڵ بەتەواوی چارەسەركراون.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەمساڵ هاوڵاتیان زیاتر پابەندن بە لابردنی سەری مەنهۆڵەكانی ناو گەڕەكەكان لە پێش وەرزی زستاندا، داوا لە هاوڵاتیان كرا ئەگەر بەهۆی بونی بۆنی ناخۆش لە وەرزی هاویندا سەری مەنهۆڵەكانیان داخستوە، لەم وەرزەدا لایببەنەوە بۆئەوەی مەترسی لافاو لە گەڕەك و شەقامەكاندا نەمێنێت، هەر كەسێك پابەند نەبێت رێكاری پێویستی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر.
لەڕاگەیەندراوەكەدا هۆشداریشدرا بە كارگەكانی توانەوەی ئاسن و ئەو شوێنانەی مامەڵە بە ئاسنەوە دەكەن لەهەر شوێنێك سەری مەنهۆڵ ببینرێت و مامەڵەی پێوەبكرێت رێكاری توندی یاسایی لەگەڵ شوێنەكە دەگیرێتەبەر.