سەنتەری میترۆ: جەخت لە ژینگەیەكی راستەقینەی ئازاد بۆ رۆژنامەنوسان دەكەینەوە

18 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەنتەری میترۆ  بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بڵاویكردەوە، جەخت لە پرنسییپەكانی ژینگەیەكی یاسایی و پیشەیی بۆ رۆژنامەنوسان و دەزگاكانیان دەكەنەوە.
لەوبارەیەوە دیاری محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وێڕای پیرۆزبایی لە رۆژنامەنوسانی كوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی رایگەیاند، لەگەڵ جیهاندا یادی رۆژنامەگەری دەكەنەوە، جەخت لە پرنسییپەكانیان دەكەن لە درێژەدان بە خەبات بۆ ژینگەیەكی یاسایی و پیشەیی كە تیایدا رۆژنامەنوسان و دەزگاكانیان بتوانن بەشێوەیەكی كاریگەر و سەربەخۆ و لە ژینگەیەكی فرەیی راستەقینەی ئازاد كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی كۆمەڵگا.  
وتیشی: راپۆرتی ئەمساڵی 2025 كە لەلایەن پەیامنێرانی بێ سنورەوە بڵاوكرایەوە، باس لە دۆخی خراپی ئابوری میدیای سەربەخۆ لە جیهاندا دەكات كە بوە مایەی هەڕەشە بۆ سەر فرەیی و سەربەخۆییان، لە هەرێمی كوردستانیش  كۆمەكی مەرجداری پارتە سیاسیییەكان و كۆمپانیاكانیان زانیاری كۆتوبەند كردوەو وەك خۆی ناگاتە وەرگر، پێویستە حكومەتی هەرێم سیاسیەتێكی رونی هەبێت لە پابەندكردنی كۆمپانیاكان لەپشتیوانی میدیای سەربەخۆ بەبێ دەستێوەردانیان لە ژورەكانی هەواڵ و سیاسەتی میدیای دەزگاكانیان.
پێشتریش سەنتەری میترۆ رایگەیاند بو، هۆشداری دەدەن لە مەترسی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد (AI) وەك ئامڕازێكی دیكەی بەرهەمهێنانی ساختەی هەواڵ و زانیاری گەمەپێكراو، یاخود پێشێلكردنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیانـ داواشیكردبو ژینگەی كاری رۆژنامەنوسان باشتر بكرێت و حوكمدراوانیش ئازاد بكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group