نەوا-
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و دوو بڕگە تاوتوێ دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە بڕگەی یەكەمدا لەبارەی ڕەشنوسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پرۆژەی "ڕوناكی" بۆ دابینكردن و دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەكانی كارەبای نیشتمانی بەشێوەیەكی فراوان و بەردەوام، ڕێگرتن لە بەفیڕۆدان و هاوسەنگی لە دابەشكردن، پاراستنی ژینگە و تەندروستیی گشتی گفتوگۆ دەكرێ.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە بڕگەی دوەمدا، ڕاسپاردەی وەزارەتەكان و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران بۆ هەماهەنگی و هاریكاریی دەستەی هاوبەشی وردبینیی هەردو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان كە لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕەشنوسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لەسەر وردبینیی دارایی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆ دەكرێ.