نەوا-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی "تاران بۆ گفتوگۆ" رایگەیاند، عێراق وڵاتێكی زۆر گرنگە و دەتوانێت لە داهاتوودا رۆڵێكی زۆر گرنگ ببینێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، عێراق چووەتە قۆناخێكەوە دەتوانێت یارمەتی سەقامگیركردنی ناوچەكە بدات و هەروەها، دەتوانێت لە داهاتوودا رۆڵێكی زۆر گرنگ ببینێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیدارەكەدا لەبارەی مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەڵێت، بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان دا ناكات،بۆیە دەبێت پرسی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.
هەروەها، لەبارەی پەیوەندی هەرێمی كوردستان و ئێرانیش رایگەیاند، پەیوەندییەكی مێژووییان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، ئەم پەیوەندییانە رۆژ دوای رۆژ گەشە دەكەن. سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتیشی، ئێران یەكەم وڵات بوو لە كاتی شەڕی داعش یارمەتیی هەرێمی كوردستانی كرد.