نەوا-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی 50 ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلی زێڕینی یەكێتی لە بافڵ تاڵەبانی و سەركردایەتیی حیزبەكە دەكات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی رۆڵی مام جەلال دەڵێت، لەم یادەدا بە رێزەوە دامەزرێنەری یەكێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئەو شەهید و تێكۆشەرانە بەبیر دەهێنینەوە كە لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، قوربانییان بۆ ئازادی داوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، جەخت لە ئامادەیی و رۆڵی گرنگی یەكێتی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عێراقدا دەكەینەوە، هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێكی بەهێزی پتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتمانی و پێكەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان، هەروەها بۆ كاركردنی هاوبەش لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكان و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلی كوردستان.