نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری تاران كۆبونەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەكەدا خۆشحاڵی خۆیان بەئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەردولا دەربڕی و داكۆكیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودانی زیاتر بە هاریكاریی هاوبەش بەتایبەتی لەبوارەكانی بازرگانی و ئابوریدا كردەوە.
راشگەیەنراوە، نێچیرڤان بارزانی پابەندیی هەرێمی كوردستانی بە سیاسەتی دراوسێیەتی باش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزلەیەكگرتن دوپاتكردەوە، هەروەها ئاماژەی بە هاوبەشی و پەیوەندیی لەمێژینەو دێرینی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێراندا كردوە.
هەروەها هاتوە كە لە كۆبونەوەكەدا هەردوولا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێكردوەو هاوڕابون لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەكان، هەروەها چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەشیش خراونەتە بەر باس.