دەزگای ئاسایشی هەرێم: داوای لێبوردن لە دەستگیركراوانی سلێمانی دەكەین

3 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە دەستگیركردنی رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان بڵاوكردەوە.
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا هاتوە، پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی كارو چالاكی سیاسی بوەو هێزە ئەمنییەكانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەكەن كە هەرگیز لە هیچ هەوڵێك درێخیان نەكردوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەكان. 
ئاماژەشیكردوە، وەك پێشتر ئاماژە درابو لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنیەوە زەمینە لەبار نیە بۆ خۆپیشاندان ئێستاش بۆ بەرچاوڕونی زیاتر هاوڵاتیان و خەڵكی ناڕازی بەپێویستی دەزانین رایبگەیەنین لە رۆژانی رابردودا بە وردی ئاگاداری پیلانێكی دەستێكی گێرەشێوێن بوین كە بەنیاز بون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سلێمانی وەك دەرفەتێك بقۆزنەوە بۆ تێكدانی ئارامی و سەقامگیری پارێزگاكەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنیەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواكارانی هەق، مەرامە سیاسییەكانی خۆیان بەدیبهێنن.
رونیشیكردوەتەوە، بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە بە داخەوە ناچاربوین لە دوو رۆژی رابردودا ژمارەیەك لە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان دەستگیر بكەین كە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەكە نەبون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیركردنیان تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵكی ناڕازی بوو بۆئەوەی هیچ كەسێك نەبێتە قوربانی، لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەی هێزەكانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا كردوە، بەڵام بەپێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێ بكەین و دڵنیایان بكەینەوە كە ئەم هەوڵەمان تەنها بۆ پاراستنی خۆیان بوەو پاراستنی ئارامی شار.
دەزگای ئاسایشی هەرێم باسی لەوەشكردوە، ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان وەك هەمو موچەخۆران ناڕازین لە دواكەوتن و نەناردنی موچەو دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەمو دەنگە ناڕازییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی هێزە ئەمنییەكان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاوڵاتیانەو بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێك درێخی ناكەن، جارێكی دیكەش هەمو لایەك دڵنیا دەكەنەوە كە سلێمانی وەك هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەكان دەمێنێتەوەو هێزە ئەمنییەكانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستی هاوڵاتیانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group