نەوا-
باڵی سەربازی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەڵێت، هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر بارەگاكانیان زیادیانكردوە.
ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بڵاویكردەوە، لە دوو هەفتەی رابردودا بەراورد بە پێشتر هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی پەكەكە لە سنوری قەزای ئامێدی و سنوری زێی گەورە زیادیانكردوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هەپەگە ئاشكراشیكردوە، سوپای توركیا لە ماوەی 5 رۆژی رابردودا لە رێگەی درۆنەوە نۆ جار لە ناوچەكانی نزیك لە روباری زێی گەورە، هەروەها یازدە جاریش لەناوچەی مەتین لە هەرێمی كوردستان بۆردومانی كردون لەگەڵ ئەوەشدا چەكدارانی پەكەكە بەرپەرچی هێرشەكانی سوپای توركیایان داوەتەوە.
هەپەگە ئاماژەشیكردوە، هێرشەكانی سوپای توركیا بەربەست بۆ پرۆسەی ئاشتی دروست دەكات.