نەوا-
سەرۆكی پێشوی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، بۆ رێگرتن لە كاریگەری تیشكدانەوەی ئەتۆمی، سیستمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختیان لە پێنج فەرمانگەی ژینگەی هەرێم كارا كردوە.
عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆكی پێشوی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، هەرێمی كوردستان پارێزراوە لە مادە تیشكاوەرەكان و تیشكدانەوەی ئەتۆمی، مادە تیشكاوەرەكان لەخاكدا بەشێوەی سروشتی هەن وەك یۆرانیوم و رادیۆم و ئەوانی دیكە، بەڵام لەئەنجامی خراپ بەكارهێنانیان كارەساتی مرۆیی لێكەوتوەتەوە.
عەبدولڕەحمان سدیق وتوشیەتی: مادە تیشكاوەرەكان مەترسی گەورەیان لەسەر پیسبونی ژینگەو زیانگەیاندن بە تەندروستی مرۆڤ بۆ ماوەی زۆر درێژخایەن هەیە، هەربۆیە سەنتەری خۆپاراستن لەتیشك لە وەزارەتی ژینگەی عیراق بەهاوكاری لەگەڵ بەشی تیشك لە فەرمانگەی تەكنیكی دەستەی ژینگەی هەرێم ساڵانێكە سیستمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی لەپێنج فەرمانگەی ژینگەی هەرێمی كوردستان كارا كردوە، پێشترو ئێستاش هەرێمی كوردستان خاڵیە لە مادە تیشكاوەرەكان و تیشكدانەوەی ئەتۆمی.