نەوا-
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند: بەغدا هەر رۆژەو بیانویەك بە هەولێر دەگرێت نیازی ئەوەی هەیە تا دوای هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دوەم هیچ موچەیەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت.
شیروان دوبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەلێدوانێكدا بە كەناڵ 24ی راگەیاندوە: بەغدا بەردەوامە لەو سیاسەتەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان پەیڕەوی دەكات، پرسی موچەی كردوەتە بابەتێكی سیاسی.
وتوشیەتی: بەغدا 690 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان ناردوەو 300 ملیار دینار ماوە بەبیانوی ئەوەی هێشتا نوسراوی بانكی ناوەندی بۆ وەزارەتی دارایی نەهاتوە، بۆ 120 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستانیش رۆژانە ئاستی داواكارییەكانی بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەكاتەوە ئەو فشارەش بۆ سەر كوردستان سودی نییە.
دوبەردانی راشیگەیاندوە: فشاری سیاسی هەیە هەندێك لەلایەنە كوردستانییەكان رۆڵیان لە دروستكردنی كێشەكە هەیە كە بەدەنگی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چونەتە بەغدا، ئەو لایەنە كوردیانە بونەتە پارێزەری بەغدا دژی شایستەكانی هەرێمی كوردستان.