نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابوری رایگەیاند، لەسەر داوای وەزارەتی دارایی و ئابوری دەستگیرا بەسەر ژمارەیەك موڵكی كۆمپانیای نالیاو چاڤیدا.
لە راگەیەنراوێكدا كە وەزارەتی دارایی بڵاویكردوەتەوە، تیایدا هاتوە كە لەزیادكردنێكی ئاشكرادا سەرجەم ئەو موڵكانەی كۆمپانیای چاڤی دەفرۆشرن كە دەستیانبەسەرداگیراوەو ژمارەیان 60 موڵكە، چونكە قەرزەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەسەر كۆمپانیای نالیاو چاڤی گەیشتوەتە نزیكەی 92 ملیار دینار.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە رێكارەكان بە بڕیاری سەرۆكایەتی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان و دەستەی شارستانی تێهەڵچونەوە تایبەت بە یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی قەرزەكانی كۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەدەچێت نیشانەی گلدانەوە لەسەر سەرجەم موڵكەكانی كۆمپانیای نالیاو كۆمپانیای چاڤی دانراون. ئاماژەشیكردوە كە وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بەفرۆشتنی موڵكە دەستبەسەرداگیراوەكانی كۆمپانیای چاڤی كە ژمارەیان 60 موڵكە و پێكهاتوە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و كافتریاو كابینەی گەشتیاری كە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرزو سودە كەڵەكەبوەكانی كە لەئێستادا گەیشتوەتە بڕی 91 ملیارو 760 و 660 و 350 دینار.