نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشوازیكرد لە عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵەی دادگەری كوردستان.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دیدرێكدا هەردولا پێداچونەوەیان بە دۆسیەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی عیراق كردوە، لەوانە رێككەوتنەكانی پەیوەست بە شایستە داراییەكان و رەنگدانەوەی پابەندبون بە جێبەجێكردنیان لەسەر هاوڵاتیانی هەرێم، جگە لە تاوتوێكردنی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان.
ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندوە حكومەت لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە هاوڵاتیان لەسەرتاسەری عیراق هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی گونجاویداوە بۆ پرسی شایستە داراییەكان و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان لە هەرێم.
جەختیشیكردوەتەوە كە نابێت رێگە بدرێت ناكۆكییەكان ببنە بارگرانی بەسەر هاوڵاتیانەوە چ لە هەرێم بێت یان لە پارێزگاكانی تر.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە لەلایەن خۆیەوە عەلی باپیر سوپاسی رۆڵی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیكردوە لە دەستەبەركردنی مافەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عیراق و پابەندبونی بە پاراستنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرتاسەری وڵاتدا.