48 كاتژمێر بۆ وەزیری نەوت دانراوە تاكێشەی هەناردەی نەوتی هەرێم چارەسەر بكات

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
حكومەتی عیراق 48 كاتژمێری بۆ وەزیری نەوت داناوە تاكو كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا 48 كاتژمێر دراوەتە وەزیری نەوتی عیراق بۆئەوەی بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت، كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوتیش رازیبون بەوەی بەپێی یاساكانی عیراق مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و دەستبەرداری ئەو بابەتە بون كە بە یاسا بیانییەكان مافی ئەوان پارێزراو بێت.
وتەبێژی حكومەت ئاماژەشیكردوە كە نوسراوی فەرمییان كردوە بەشە نەوتی خۆیان رادەستی سۆمۆ بكەن پێویستە لەگەڵ رادەستكردنیشدا موچەی مانگی 7 و مانگەكانی دواتر بنێردرێت.
پێشەوا هەورامانی دەشڵێت، لە بنەڕەتدا هیچ كام لەم رێوشوێنانە پێویستنەبون، هیچ هۆكارێك نییە بۆ نەناردنی موچەی هەرێمی كوردستان و تەنها یاساكانی بودجەو یاسای كارگێڕی دارایی و دەستور ببنە ناوبژیوان ئەوا یەك هۆكاریش نامێنێت بۆ خەرجكردنی موچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش سەرجەم داواكارییەكان و ئەركەكانی سەرشانی خۆی جێبەجێكردون.
لەبارەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتیشەوە هەورامانی رایگەیاندوە، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبونەوە چوەو رۆژانە بڕی 233 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، دەستپێكردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لەخزمەت دۆخی دارایی عیراق و هەرێمی كوردستاندا دەبێت، هەموو هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە كە هیچ موچەیەكی موچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group