وەزارەتی خوێندنی باڵا: هەر خێزانێك دوو خوێندكاری لە خوێندنی پارالێڵ هەبێ 50٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێ
8 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، دوو خوێندكار یان زیاتری یەك خێزان، لە سیستمی پارالێڵ یان ئێواران بخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەریەكەیان بەرێژەی 50٪ لە كرێی خوێندنەكەیان دەكرێ، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو.
باسی لەوەشكرد، فەرمانەكە وزارییە و پاڵپشتە بە كۆنووسی ژمارە یەكی ساڵی 2023 سەبارەت بە داشكاندنی كرێی خوێندن لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان و مەبەست لێی لەبەرچاوگرتنی دۆخی داراییە.
وتەبێژی خوێندنی باڵا دەشڵێت، ئەم داشكاندنە سەرجەم خوێندكارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەكالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) لە زانكۆ حكومییەكان دەگرێتەوە.