نەوا-
بەهمەن عەبدوڵڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند: كردنەوەی قۆناغی یەكەمی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی گرنگییەكی زۆری هەیە، لەئێستادا شەقامەكە بە هەردوو ئاڕاستە لە كەركوكەوە بۆ قەرەداغ و تانجەرۆ و بە پێچەوانەشەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كراوەتەوە.
وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی راشیگەیاندوە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ئاڕاستەی تانجەرۆ وە دێن لە كۆتایی شەقامی 100 مەتری بەهۆی كاركردن لە پردی تاسڵوجە پێویستە بچنە سەر شەقامی كەركوك سلێمانی دواتر ئاڕاستەی خۆیان وەربگرن بۆ دەرچون لەشاری سلێمانی.
وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی باسی لەوەشكردوە، شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەتوانن لە ئێستادا شەقامی 100 مەتری بەكاربهێنن لەو ئاڕاستانەی كە دیاریكراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی لۆدو قەرباڵغی لەسەر شەقامی راپەرین سلێمانی و شەقامی بازنەیی مەلیك محمود، داواش دەكەن شۆفێران بە وریاییەوە شەقامەكە بەكاربهێنن لەبەرئەوەی هێشتا كاركردن لە شەقامەكەدا بەردەوامەو تیمەكان بە شەو و ڕۆژ سەرقاڵی كاركردنن.