قوباد تاڵەبانی: قائیمقام و سێ بەرپرسی چەمچەماڵ داوای بەخشینیان لە پۆستەكانیان كردوە

7 کاتژمێر پێش ئێستا

لەپرێس كۆنفرانسێكدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەمچەماڵ رایگەیاند، كۆمسیۆنی فریاگوزاری خێرا هەماهەنگی باشیان كردوە بۆ گەیاندنی هاوكارییەكانیان بەزیانلێكەوتوانی لافاوەكەی چەمچەماڵ.
وتیشی: لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستییەكان كاریانكردوە كەموكوڕییەكانیان دەستنیشانكردوەو لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ چەند بەرپرسێكی خۆجێی كردوە كە لە پێنج بەرپرس چواریان هەستیان بە بەرپرسیارێتی كردوەو داوای بەخشینی پۆستەكانیان كردوە كە قائیمقامی چەمچەماڵ، سەرۆكی شارەوانی چەمچەماڵ، سەرۆكی شارەوانی شۆڕش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵن، هەروەها بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ئامادە نەبوە داوای بەخشین بكات لە پۆستەكەی، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەی لیژنەكە كەمتەرخەم بوە بۆیە هەنگاو دەنرێت تاكو رێوشوێنی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: هەرچەندە روداوەكە سروشتی بوە، بەڵام دەكرا پێشتر هەندێك رێوشوێن بگیرێتەبەر، پێویستە هەموان دەستلەناودەست كاربكەین بۆئەوەی ژیانی خەڵكی چەمچەماڵ پارێزراو بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group