نەوا-
تۆڕی داكۆكی لە داكۆكیكاران لەشاری سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، لە ژینگەی میدیایی هەرێمی كوردستاندا شەپۆلی شكاندن و تیرۆری فیكری، ناوزڕاندن و سوكایەتیپێكردن روبەڕوی چالاكوانانی ژن و رێكخراوەكانی ژنان ناوبەناو سەرهەڵدەدات، كارەكتەرانی ژن لە بوارەكانی سیاسی، ئابوری، كۆمەڵایەتی و كاری رێكخراوەیی دەكرێنە ئامانج و هیچ لایەنێك خۆی لە قەرەی ئەم بابەتە نادات و هەموان بێدەنگ و بێهەڵوێستن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئامانجی سەرەكی ئەو هەڵمەتە رێكخراوانەی كە لە سۆشیال میدیادا دژ بە ژنان رێكدەخرێن، بێ كاریگەركردنی رۆڵ و پێگەی ژنانە لە كۆمەڵگەداو عەقڵیەتی چەقبەستوانەی نێرسالارانە داینەمۆی هەڵمەتەكانە كە هەندێكجار ئامانجی سیاسی و ململانێی ناوخۆیی حزب و لایەنە سیاسییەكانی لە پشتەوەیە.
تۆڕی داكۆكی لە داكۆكیكاران باسی لەوەشكردوە، وێڕای ئیدانەكردنی هەر هەوڵ و هەڵمەتێكی چەواشەكارانەو نایاساییانەی دژ بە ژنان و ناوزڕاندنیان، داوادەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان، لە سەرویانەوە دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و دامەزراوەكانی تایبەت بە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەو هەڵمەتانە بێدەنگ نەبن و رێكاری یاسایی و كارگێڕی و تەكنیكی لە دژیان بگرنەبەر.