مەسرور بارزانی: دەبێت یەكهەڵوێست بين لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا باسی پرسەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق، پرسی سەرۆككۆمار و مووچەی كرد.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیوای خواست كە چیدیكە نەهامەتی بەسەر كورددا نەیەت، بە پێویستیشی زانی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان یەكهەڵوێست بن، لەبارەی پرسی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق ئاماژەی بەوە كرد، لەسەر ئەو پرسە "رێكنەكەوتووین."
لە بەشێكی قسەكانیدا مەسرور بارزانی باسی لەوەكرد، پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پۆستی سەرۆككۆماری عێراق دوو پرسی جیاوازن." ئەوەشی خستەڕوو، پێیوانییە كە ئەو دوو پرسە تێكەڵ بكرێن.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە دەڵێت، بەشێكی زۆری بابەتی مووچە بەستراوەتەوە بە بەغداوە و ئەو بڕیارانەی كە دەیدات، خۆی لەڕووی دەستوورییەوە حەقی خەڵكی كوردستانە شایستە داراییەكان بەردەوام بن بەبێ كێشە و گرفت، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی رابردوو بینیمان كە بە سیاسی كرا، لە ساڵانی رابردووش چەند مووچەیەكی خەڵكی كوردستان نەدران، لەبەرئەوەی بابەتەكە بە سیاسی كراوە.