نەوا-
دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاندوە، ئەو پەرەسەندنە ئەمنییەی دوای روداوەكانی 28/2 لە هەرێم و بەتایبەت لە هەولێر رویداوە پەرەسەندنێكی بێ پاساوەو ئامانجی تێكدانی سەقامگیرییە.
زێباری لەڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، ئەو هێرشانەی لەڕێگەی درۆن و موشەكەوە دەكرێنە سەر دامەزراوەكان و ناوچە نیشتەجێبوەكان، هەوڵێكی ئاشكران بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان لایەنێك نیە لەو ململانێیانەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێن.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان جەختیشیكردوەتەوە، ئەم كردەوانە تەنها پێشێلكارییەكی ئەمنی نین، بەڵكو پێشێلكردنی رێككەوتنامەكانی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیین، هەربۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ دەكەن كە هەڵوێستێكی توندو بەرپرسانە وەربگرن و سنورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنێن.