نەوا-
ئاری كاكەشین بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر رایگەیاندوە، دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان كە كێشەی كەمی غازی ماڵان بەرەو چارەسەری یەكجاری دەچێت و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی كۆرمۆر بڕی پێویست دەگاتە بازاڕەكان و كۆتایی بەو دڵەراوكێیە دێت كە لە چەند رۆژی رابردودا دروست ببو.
بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر باسیلەوەشكردوە، ئێستای دۆخی ئاڵۆزاوی ناوچەكە بەرەو ئاساییبونەوە چوە بڕیارە یەكەم كاروانی غاز لە كۆرمۆرەوە بگاتە هەولێر، پێشبینی دەكەن تا كۆتایی هەفتەی داهاتوو دابەشكردنی غاز بە تەواوی جێگیر بێت و بگاتەوە ئاستی پێشوی.
رونیشیكردوەتەوە، لە قۆناغی یەكەمدا 25%ی پێویستی بازاڕ دابین دەكرێت و دواتر بەشێوەیەكی خێرا بڕەكە زیاد دەكرێت بۆئەوەی وەڵامی خواستی زۆری هاوڵاتیان بدرێتەوە، لە ماوەیەكی نزیكیشدا نرخی بەنزین و دۆخی دابینكردنی سوتەمەنی بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی.