نەوا-
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق ناوەڕۆكی كۆبونەوەی كریستۆفەر لاندۆ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو نزار خەیروڵڵا باڵیۆزی عێراقی لە وڵاتەكەیان بڵاوكردەوە.
لەوبارەیەوە تۆمی پیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندوە، بانگهێشتی باڵیۆزی عیراقیان كردوە بۆ دەربڕینی سەركۆنەكردنی حكومەتی ئەمریكا بەرامبەر بەو هێرشانەی لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێرانەوە لە ناو خاكی عیراق كراونەتە سەر كارمەندان و دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا لە عیراق و هەرێمی كوردستان.
راشیگەیاندوە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی كردوەتەوە كە حكومەتی عیراق شكستهێناوە لە ڕێگریكردن لە هێرشەكان و بەردەوامبونی هەندێك لایەنی پەیوەست بە حكومەتی عیراق لە دابینكردنی داڵدەدانی سیاسی، دارایی و ئۆپراسیۆنی بۆ ئەم چەكدارانە.
راشیگەیاندوە كە ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی لەو هێرشانە ناكات كە دەكرێنە سەر بەرژەوەندییەكانی، چاوەڕێ دەكات حكومەتی عیراق دەستبەجێ گشت رێكارەكان بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپانەی كە سەر بە ئێرانن لە عیراقدا.