كەشناسی هەرێم: باران و تەرزە و هەورە تریشقە زۆربەی ناوچەكان دەگرێتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بە گوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ ئەگەری باران بارین لە ناوچەی جیا جیا دەبێت, پێشبینی بارینی تاوە بارانی كورت خایەن دەكرێت لەگەڵ بوونی هەورە تریشقە لە زۆربەی ناوچەكاندا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، خێرایی با مامناوەند دەبێت و لە هەندێك كات و شوێندا چالاك دەبێت بۆ سەرووی 35 كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا و پلەكانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە كەشی رۆژی یەكشەممە كەشناسی ئاشكرایكردوە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە دوای نیوەرۆ دەگۆرێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارینی نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەكاندا، پێشبینی تاوە بارانی بەخۆر دەكرێت لە هەندێ كاتدا كە هەورە تریشقەو تەزرەی لەگەڵدا دەبێت بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری ئیدارەی ڕاپەرین و ناوچەی گەرمیان و هەندێ ناوچە لە سنووری پارێزگای كەركوك.