نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەكانیدا لە كۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا كۆبوەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لەكۆبونەوەكەدا دوا پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و كاریگەری و لێكەوتەكانی تاوتوێكراون، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی ئاگربەست و بەدیهاتنی ئاشتی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردوەتەوە.
هەروەها هاتوە كە وەزیری بەرگریی توركیا هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاندوە كە نەبوە بەشێك لە شەڕو ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، هەروەها داكۆكیی لە هەماهەنگیی هەمەلایەنە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری كردوەتەوە.
لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی دوپاتیكردوەتەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت و خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.