حەیدەر گەرعاوی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵەی عیراق بڵاویكردەوە، رۆژانە لە هەر سایلۆ و شوێنێكی تایبەت بە وەرگرتنی دانەوێڵە، 100 بارهەڵگر گەنم وەردەگیرێت، ئەم هەنگاوە بۆ كەمكردنەوەی قەرەباڵغی و چاوەڕوانییە زۆرەكانی بارهەڵگرەكانە لەبەردەم سایلۆكاندا.
گەرعاوی وتیشی: ئەمساڵ سیستمی نۆرەگرتنی ئەلكترۆنی پەیڕەو دەكەن، بەپێی ئەم سیستمە پێشتر رۆژی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران دیاریدەكرێت پێش ئەوەی گەنمەكەیان بەرەو سایلۆكان بگوازنەوە، ئەو جوتیارانەی شارەزاییان نییە یان هێڵی ئینتەرنێتیان نییە، فەرمانبەرانی سایلۆكان هاوكارییان دەكەن لە وەرگرتنی نۆرەی ئەلكترۆنی.